لەبەر نەبوونی ئاو و کارەبا، دانیشتووانی گەڕەکێکی بەغدا تا بەرەبەیان ناخەون
لە ناوچەیەکی بەغدا خەڵکی ناچارن شەوان تا بەرەبەیان نەخەون و سەرقاڵی پڕکردنی تانکیەکانیان بن، چونکە بە ڕۆژ ئاویان پێ نادرێت. ئەوان دەڵێن: سەرەڕای نەبوونی ئاو، کارەباش زۆر خراپە.
لە گەڕەکی دۆرە، کە دەکەوێتە باشووری بەغدا، خەڵک بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و بە تایبەتی ئاو و کارەباوە گیرۆدە بوون. بێئاوی وایکردووە، خەڵکی گەڕەکەکە زۆر شەو تاوەکوو بەرەبەیان نەخەون، تاوەکوو تەنکیەکانیان پڕ بکەن، ئەگەر ئەم کارە نەکەن، ڕۆژانە بەبێ ئاو دەمێننەوە.
هاووڵاتییەکی ئەو گەڕەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لـــە زۆرینەی کاتەکاندا بڕانی ئاو ماوەیەکی زۆری پێ دەچێت. ئاو بەتەنها بەشەواندا دێت یاخود هەر نییە، ڕۆژانە نزیکەی 10 بۆ 12 کاتژمێر ئاوەکەمان دەبڕن."
لەلایەکی دیکەوە کارەباش هێندە دۆخی باش نییە، کارەبا بۆ چەندین کاتژمێر لە دۆرە ی بەغدا هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە دەبڕێت. وەک بەرپرسانیش دەڵێن: دۆزینەوە چارەسەر بۆ کێشەی کارەبا، لە دەسەڵاتی عێراقدا نییە، بەڵکوو لەژێر ڕەحمی دراوسێ ڕۆژهەڵاتییەکەیدایە.
هاووڵاتییەکی ئەو ناوچەیە بەم شێوەیە باسی خراپیی کارەبای گەڕەکەکەیان بــــــۆ کوردستان24 کرد: "کارەبا دۆخی زۆر خراپە، لە ناوچەکەی ئێمە کارەبا نییە و پشت بە مووەلیدە ئەهلییەکان دەبەستین. داوامان لە حکوومەت کردووە کێشەکەمان بۆ چارە بــكات، بەڵام ئەوان دەڵێن غازی ئێرانی لە عێراق بڕاوە، ئەی ئەو هەموو نەوت و غازەی عێراق خۆی هەیەتی بۆ کۆێ دەچێت؟".
کێشەی کارەبا و ئاو بوونەتە هاوڕێی لە مێژینەی گەلی عێراق، ساڵ لە دوای ساڵیش دۆخیان خراپتر دەبێت، لەساڵی 2003ـەوە حکوومەت و لایەنی بەرپرسیار بێتوانابوون لە دانانی سنوورێک بۆیان.