عێراق.. بەهۆی هەژموونی حزبەکانەوە، گۆڕینی وەزیرەکان بە ئەستەم دەزانرێت

هەرچەندە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سوورە لەسەر گۆڕینی بەشێک لە وەزیرەکانی کابینەکەی بەهۆی شکستی ئیداریانەوە، بەڵام چاودێران گۆڕینی وەزیرەکان بە ئەستەم دەزانن ئەمەش بەهۆی هەژموونی حزبەکانەوە، بەتوندی پشتی وەزیرەکانیان دەگرن و ڕێگری لە گۆڕانکاری دەکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە تەمەنی حکوومەتی ئێستا کەمتر لە ساڵێکی ماوە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە وەزیرەکان ئەستەم بێت.

بەشێک لە هێزە سیاسییەکان پێگەی خۆیان لەناو وەزارەتەکانی حکوومەتی عێراقدا چەسپاندووە، ئەمەش بووەتە هۆکاری بێتوانای وەزیرەکان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان و شکستیان لە ڕووی ئیدارییەوە، لەم ڕوانگەیەوە گۆڕینی وەزیرەکان بووەتە کارێکی ئەستەمە، بەپێچەوانەوەی قسەکانی سەرۆک وەزیرانەوە کە دەڵێت: "گۆڕانکاری دەبێتە خێر بۆ عێراق، هێزە سیاسییەکان پشتی کاندیدەکانیان بەرنادەن وەک چاودێران ئاماژەی پێ دەدەن."

‏غالب دەعمی، چاودێربە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەشێک لە لایەنەکان ململانێ لەگەڵ سوودانی دەکەن و پشتوانی کاندیدەکانیان لە وەزارەتەکان دەکەن، ئەم کارە لە پێناو خەڵکدا ناکەن، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان دەیکەن، تەنانەت هەندێک لە وەزیرەکان شایەنی ئەوە نین لە وڵاتێکی خاوەن مێژووی وەک عێراق وەزیر بن، بەڵام دەسەڵاتی حزب زاڵە.

لەلایەکی دیکەوە هەندێک کەس گەشبینن بەوەی ڕەنگە لەگەڵ کۆتایهاتنی پشووی پەرلەمان گۆڕانکاری لە وەزارەتەکان دەست پێ بکات وەک ئەوەی سوودانی بەڵێنی داوە، بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە قورسە بگەنە ئاستی گۆڕینی وەزیرەکان.

نەوال موسەوی، چاودێر بۆ کوردستان24 دەڵێت: "ڕەنگە دۆخی گرژی ناوچەکە هۆکارێک بێت بۆ دروست کردنی بەربەست لە بەردەم گۆڕانکاری وزاری، لەلایەکی دیکەشەوە هێزە سیاسییەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی دۆخە نوێیەکەن، پێموایە هەندێک چاکسازی لە وەزارەتەکان دەکرێت لەکاتی دەست پێ کردنەوەی کاری پەرلەمان."

هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن کە گۆڕانکاری لە وەزیرەکانی حکوومەتەکەی سوودانی ناکرێت، چونکە تەمەنی حکوومەتی ئێستا کەمتر لە ساڵێکی ماوە، لەلایەکی دیکەشەوە دەسەڵاتی بەشێک لە حزبەکان لە دەسەڵاتی حکوومەت زیاترە.