شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

پێنجشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، درەنگانی ئەمشەو شەپۆلێکی باران و بەفر لە دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە کوردستان و زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. 

ھەر بەپێی پێشبینییەكانی وەزارەت، بارانبارین زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەكانیش پێشبینی بەفر بارین دەكرێت، بۆیە پلەكانی گەرماش بەنزیكەیی 2 بۆ 4 پلەی سیلیزی دادەبەزن. هەر بۆیە دەستپێکى کاریگەرى ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە لەسەر سنوورى پارێزگاى دهۆک دەبێت، لە کاتەکانى ئێوارەدا.

سەبارەت بە سبەی هەینی، 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی ڕاشیگەیاند، ئاسمان بەگشتىی هەوری تەواو دەبێت، کاریگەرى شەپۆڵى باران بارین لەسەر ناوچەکە زیاد دەکات و سەرجەمى ناوچەکە دەکەوێتە ژێرکاریگەرى ئەم شەپۆڵە بەتایبەت لە کاتەکانى دواى نیوەرۆى ڕۆژى هەینى، باران بارین بەشێوەى بارانى مامناوەند و هەندێ ناوچە لێزمەبارانى پچرپچر هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت، بەتایبەت لە بەشێک لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و بەشێک لە ئیدارەى ڕاپەرین، هەروەها هەندێ کات هەندێ کات خێرایی با زیاد دەکات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment