لە ئەمەریکا داوای ناوچەی دژە فڕین بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت

فڕۆکە جەنگییەکان
فڕۆکە جەنگییەکان

پەیمانگەی کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمەریکا داوای لە حکوومەتی ئەمەریکا کوردووە، ناوچەی دژە فڕین بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی پارێزراو بن لە هێرش و شەڕی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا.

ئێستا داوای دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین بۆ پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت، لەو بارەیەوە پەیمانگەی کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمەریکا داوا لە ئەمریکا دەکات، بە پەلە ناوچەی دژە فڕین بۆ پاراستنی کورد لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دابمەزرێنێت، هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵانی نەوەتەکان بۆ پاراسنی کورد لە باکوور و شیعە لە باشووری عێراق دایانمەزراند.

پەیمانگەی کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمەریکا لەبارەی دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکوور و ڕۆژئاوای سووریا بۆ پاراستنی پێکهاتەی کورد لەو وڵاتە ئاشکرای کردووە، کاتێک بۆشی باوک دوای پرۆسەی ئازادیی کوەیت لە 15ـی شووباتی1991 داوای لە گەلی عێراق کرد لە دژی ڕژێمی سەددام حوسەین ڕاپەڕن، بۆیە لە 5ـی ئاداری ساڵی 1991، کورد لە دژی ڕژێمی سەددام حوسەین ڕاپەڕین و لەماوەی 15 ڕۆژدا تەواوی شارە کوردییەکانیان ئازاد کرد، بەڵام دوات سەددام ویستی حکوومڕانییەکەی بەسەر ناوچە ئازادکراوەکاندا بگەڕێنێتەوە، بۆیە کورد ستەم و ژێردەستەییان ڕەت کردەوە و کۆڕەوە مێژووییەکەی 1991 ڕوویدا، ئەوکات وڵاتانی جیهان ناچاربوون سنوورێک بۆ سەددام دابنێن و ناوچەی ئارام بۆ کورد و شیعە لە عێراق دابمەزرێنن.

ئێستا گریمانەکان بەو ئاراستەیەن، جارێکی دیکە وڵاتانی جیهان بیر لەوە بکەنەوە ناوچەیەکی دیکەی ئارام و پشتێنەیەکی سەلامەت بۆ پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باکوور و ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە دابمەزرێنن، تاکوو پێکهاتەی کورد لە هەڕەشە و چاوچنۆکی وڵاتان و دەستووەردانی دەرەکی پارێزراو بن و ڕووبەڕووی کوشتن و دەربەدەری نەبنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تورکت ئۆزال، سەرۆکی ئەوکاتی تورکیا لە ساڵی 1991 بۆ پاراستنی کوردی عێراق، بیرۆکەی دامەزراندنی پەناگەیەکی ئارامی لە باکووری عێراق پێشنیاز کرد، هاوکات ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پرۆژەیەکی فەرەنسای بە پشتیوانی ئەمەریکا و بەریتانیا پەسەند کرد و بڕیارنامەی ژمارە 678 و 688 بۆ دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین بۆ پاراستنی کورد و شیعە لە عێراق، ئێستا هەمان سیناریۆ لە سووریا دوای ڕووخانی ئەسەد خۆی دووبارە دەکاتەوە، کورد ڕووبەڕووی هێرش و شەڕی گرووپە چەکدارەکان بوونەتەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ناوچەیەکی دژە فڕین و پەناگەیەکی ئارام دابمەزرێنێت کە لە عفرینەوە تا سێمێلکا و، لە قامیشلۆوە تا دێرەزوور  درێژ دەبێتەوە.