جێگری سەرۆک وەزیرانی کازاخستان: ناتوانم بیسەلمێنم ڕووسیا فڕۆکەکەی ئازەربایجانی خستووەتە خوارەوە

فڕۆکە کەوتووەکەی ئازەربایجان لە کازاخستان
فڕۆکە کەوتووەکەی ئازەربایجان لە کازاخستان

جێگری سەرۆک وەزیرانی کازاخستان ڕایدەگەیەنێت: ناتوانم بیسەلمێنم یان ڕەتی بکەمەوە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسی، فڕۆکەکەی ئازەربایجانی خستووتە خوارەوە، چونکە تاوەکوو ئێستا هیچ وردەکارییەکی دڵنیاییکەرەوە نییە.

پێنجشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، قەناعەت بوزۆمپایڤ، جێگری سەرۆک وەزیرانی کازاخستان ڕایگەیاند: ناتوانم بیسەلمێنم کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسی، فڕۆکەکەی ئازەربایجانی خستووتە خوارەوە، هاوکات داواکاریی گشتی گواستنەوە لە کازاخستان ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان نەگەیشتوونەتە هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر کە بەرگریی ئاسمانیی ئەو فڕۆکەی خستووتە خوارەوە.

ئۆکرانیا ئەو دەنگۆیانە دەقۆزێتەوە کە باس لەوە دەکەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕووسیا ڕۆڵیان هەبووە لە خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەربایجان کە دوێنێ چوارشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەوکاتەی لە باکۆوە بۆ گرۆزنی پایتەختی چیچان دەچوو، لە کازاخستان بەهۆکارێکی نادیار کەوتە خوارەوە.

پاش کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە، گومانی ئەوە هەبوو سیستەمی بەرگریی ڕووسیا خستبێتیە خوارەوە، چونکە پێیوابووە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئۆکرانی بووە کە بۆ هێرش بەرەو چیچان بەڕێکەوتووە.

ئەو گومانانە بەپێی ئەو کونانە بوون کە لە لاشەی فڕۆکەکەدا دۆزرانەوە، هەندێک لە شیکەرەوەو شارەزایانی بواری فڕۆکەوانی دەڵێن: کەوتنی فڕۆکە ئازەربایجانیەکە لەوانەیە بەهۆی پارچەکانی مووشەکی دژە فڕۆکەوە بووبێت.

ڕوسیا هەوڵی داوە ئەو گومانانە سەبارەت بە هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئازەربایجانیەکە ڕەتبکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کرملین چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکات.

بەرپرسێکی ئاسایشی نەتەوەیی ئۆکرانیا ڕایگەیاند : ئەو ڕووداوە کە 38 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا و و 29 کەسی دیکەش بە برینداریی ڕزگاریان بوو، بەهۆی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیاوە بووە.

فڕۆکەکە ئازەربایجانیەکە کەوتە نێو کێڵگەیەکی نزیک شاری ئاکتاو لە کازاخستان، پاش ئەوەی سەدان کیلۆمەتر لە ڕێڕەوەکەی خۆی لایدا.

گرتە ڤیدیۆییەکانی کەوتنە خوارەوە نیشانی دەدەن، فڕۆکەکە لە ئاسمان دەخولێتەوە، دواتر دەکەوێتە خوارەوە، کاتێک بەر زەوی دەکەوێت، ئاگری تێبەردەبێت و دووکەڵی ڕەشی گەورەی لێ بەرزدەبێتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment