چەکەکەی پشتی جۆلانی لە پێشوازی شاندی عێراقی هەرا دەنێتەوە

جۆلانی لە پێشوازی شاندی عێراق
جۆلانی لە پێشوازی شاندی عێراق

ئەو وێنەیەی ئەحمەد ئەلشەرع ناسراو بە( ئەبو محەممەد ئەلجۆلانی)، فەرماندەی گشتی ئیدارەی نوێی سووریا لەکاتی پێشوازیی کردن لە شاندی عێراقی گیراوە و تێیدا چەک لەبن جلەکانییەوە دیارە، لە سۆشیال میدیا هەرای ناوەتەوە.

هەینی 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، چالاکوانانای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەکەی ئەحمەد ئەلشەرع ناسراو بە( ئەبو محەممەد ئەلجۆلانی) فەرماندەی گشتی ئیدارەی نوێی سووریا بڵاو دەکەنەوە و هێلێکی سوور دەخەنە سەر ئەو شوێنەی کە لێوەی دیارە چەکی لەژێر چاکەتەکەی هەڵگرتووە لەکاتی پێشوازی کردن لە حەمید شەتڕی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراقی کە بە نوێنەرایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق چووەتە ئەو وڵاتە.

چالاکوانەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی پرسیار دەکەن، جۆلانی لەو کاتەدا بەچ هۆکارێک ئەو چەکەی هەڵگرتووە، هەندێکیان دەڵێن ئاساییە وەک سەرکردەیەکی سەربازیی، هەندێکی دیکەشیان دەڵێن: نەخێر، ئەو ترسی هەبووە لە شاندە عێراقییەکە.

سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە، سەردانی حەمید شەتڕی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراقی بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا، ئامانج لێی دووپات کردنەوەی هەڵوێستی فەرمی عێراقە لە دەستووەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سووریا، لەگەڵ ئەوەشدا، دڵنیای دان بوو بە سووریا لەوەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق ڕێگەیان پێ نادرێت لە ئایندەشدا دەست لە کاروباری ناوخۆی سووریا وەربدەن، لە بەرامبەریشدا گرووپە چەکدارەکان لە سووریاوە ڕوو لە عێراق نەکەن و سنوورەکان لەنێو سووریاوە توندو تۆڵ بکرێت.