گۆتێرێس: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر یەمەن مایەی نیگەرانین

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سەرکۆنەی هێرش و ئاڵۆزییەکانی نێوان چەکدارانی حووسی و  ئیسرائیل دەکات ، هاوکات نیگەرانیی خۆی نیشاندا بەرامبەر ئەو هێرشەی دوێنێ پێنجشەممە ئیسرائیل کردیە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا.

ستیڤان دۆگاریک، گوتەبێژی تایبەتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی ئاڵۆزییەکانی نێوان حووسیەکان و ئیسرائیل دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەنعا و کەناراوەکانی دەریای سوور، لەگەڵ وێستگەکانی کارەبای یەمەن.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دڵگرانی خۆی نیشاندا بەرامبەر بە ئامانج گرتنی ئەو دامەزراوانەی یارمەتییە مرۆییەکان لە یەمەن دەگوازنەوە و نزیکەی سەدا 80ـی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بۆ دەستخستنی خۆراک پشتی پێ دەبەستن.

دوێنێ 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل هێرشێکی چڕیان کردە سەر فڕۆکەخانەی یەمەن و دامەزراوەکانی وزە و کارەبا و  ژێرخانی ئەو وڵاتە، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە مووشەکیانەی حووسییەکان دەیکەنە سەر ئیسرائیل.

 
Fly Erbil Advertisment