مەزڵوم عەبدی: ئامادەین ئاسایشی سنوورەکان بە دەسەڵاتی نوێی سووریا بدەین

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت: ئامادەن ئاسایشی سنوورەکان بە دەسەڵاتی نوێی سووریا بدەن، دەشڵێت: پێویستە بەپەلە کار بۆ دیالۆگ و ئاوەدانکردنەوەی سووریا بکرێت.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت: هەماهەنگیان لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هەبووە لە دووەم ڕۆژی شەڕ و ڕوبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد، لەگەڵ ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێکی پێش وەختەیان لەگەڵ بەرەی تەحریر شام نەبووە کە ئەحمەد ئەلشەرع سەرکردایەتی دەکات، دەشڵێت: هەسەدە ئامادەیە تێکەڵی سووپای سووریای نوێ بێت، بەڵام دوای ڕێککەوتن لەسەر شێوازە گونجاوەکەی.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دیمانەیەکی رۆژنامەوانیدا دووپاتی لە گرنگیی سووریا کردەوە وەک وڵاتێکی یەکپارچە کردەوە،گوتی: دیاریکردنی شێوەی سیستەمە سیاسیەکەی، بۆ ئیرادەی گەلی سووریا و گفتوگۆ دەستوورییەکان بەجێ هێڵدراوە.
مەزڵوم عەبدی، هۆشداری دا لە دروستبوونی کارەساتێک لە کۆبانێ لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا، سەرباری ئەوەی هەسەدە لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشنیازی بۆ ئەنقەرە کردووە ناوچەکە لە چەک دادەماڵدرێت، بەڵام تا ئێستا تورکیا وەڵامی نەداوەتەوە.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی داوای دیالۆگی ڕاستەخۆ و گشتگیر و بەپەلە دەکات لەپێناو دروستکردنی سەردەمێکی پڕ لە ئارامی و ئاشتی و ئاسایش، بۆ ئەوەی سووریا هەنگاوێک بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە بنێت.
مەزڵوم عەبدی ئامادەیی خۆی نیشاندا، بەرپرسیارەتی ئاسایشی سنوور بە دەسەڵاتی نوێی سووریا لە دیمەشق بدەن.