سەڵاحەددین بەهائەدین بە ئەمینداری یەکگرتوو هەڵبژێردرایەوە
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدولڵا لە هەولێر بە بەشداری 864 ئەندام، نۆیەمین كۆنگرەی دەست یپێكرد و سەڵاحەددین محەممەد بەهائەدین بەبێ بوونی هیچ ڕکاربەرێک بە ئەمینداری یەکگرتوو هەڵبژێردرایەوە.
وشیار عەبدوڵڵا، گوتەبێژی کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 27ی کانوونی یەکەمی 2024، کارەکانی یەکەمین ڕۆژی کۆنگرە بە کۆتا هات و توانرا پەیڕەو و پرۆگرامی کۆنفرانسەکە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرە پەسەند بکرێت و هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و دەستەی باڵای بەدواداچوونی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بکرێت.
گوتیشی: لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرە هەرسێ پرۆسەکەی هەڵبژاردن کۆتایی پێهات، پرۆسەی یەکەمیان کە هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی بوو، سەلاحەددین محەممەد بەهائەدین خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی کاندید کردەوە و بێ ئەوەی هیچ ڕکاربەرێکی هەبێت، دەنگی زۆرینە و ڕەهای بە ئەمیندار هەڵبژێردرایەوە و بەمەش خولێکی دیکە لە پۆستی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دەمێنێتەوە.
وشیار عەبدوڵڵا ئاماژەشیدا، ئەمشەو تاوەکوو کاتژمێر چواری بەیانی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی ئەندامانی سەرکردایەتی و دەستەی باڵای بەدواداچوون بەردەوام دەبێت، کە پرۆسەکە لە لایەن دەستەیەکی دادوەری و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
گوتیشی: ئەمجارە پەیڕەو و پڕۆگرامی یەکگرتوو بەشێوەیەک دەستکاری کراوە، ئەو مەرج و بەربەستە یاساییە هەڵگیراوە کە بۆ دانانی ئەمینداری گشتیی هەبوو، هەربۆیە هەر کەسایەتییەک تاوەکوو توانای هەبێت و دەنگ بێنێت، دەتوانێت ئەمینداری گشتی بێت.
کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڕیارە سبەینێ شەممەش درێژە بەکارەکانی بدات و ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێش، ئەوا کارەکانی کۆنگرەکە بە کۆتا دێت.