دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق کەمی کردووە
دوای داخستنی سنوورەکانی عێراق و سووریا، بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق کەمی کردووە. سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنباریش هۆیەکەی بۆ کوردستان24، ئاشکرا دەکات.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و داخستنی سنووری قائیم لە نێوان عێراق و سووریا، بازرگانی و قاچاخچێتیی بە ماددەی هۆشبەر لەنێوخۆی عێراقدا کەمی کردووە، بە تایبەتی حەبی هۆشبەری کەپتاگۆن؛ چونکە وەکوو ئــــەوەی بەرپرسە ئەمنییەکان جەختی لێ دەکەنەوە، سەدا 90ـی ماددەی هۆشبەر لە سووریاوە دەهاتنە عێراق.
سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بـــە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "کاتێک ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخا و سنوورەکانی عێراق و سووریا داخران، بازرگانی و قاچاخچێتی بە ماددەی هۆشبەر زۆر کەم بووەتەوە، ئێمە ناڵێین کۆتایی هاتووە، بەڵام ڕێژەکە لە هەزاران حەبی ڕۆژانە کە لە ڕێگەی سووریاوە دەهاتنە عێراق، بۆ سەدان حەب کەم بووەتەوە."
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تەنها لە ساڵی 2024 دا نزیکەی شەش تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها 14 هەزار بازرگانیش لە سەرانسەری عێراقدا دەستگیر کراون، هاووڵاتیانیش دەڵێن: "دەروازەی دیکە بۆ ماددەی هۆشبەر هەیە و دەکرێت مەترسی بن بۆ سەر کۆمەڵگەی عێراقی."
ئیسماعیل ئەحمەد، چالاکوان دەڵێت: "ئێمە لە مێدیاکانەوە دەیبین کە چۆن کارگەکانی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر لە سووریا دەستیان بەسەردا دەگیرێت، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئەم ماددەیە لە عێراق. هێزە ئەمنییەکانیش ڕۆڵێکی کاریگەر و کارایان لە ڕووبەڕوبوونەوەی دیاردەی ماددەی هۆشبەر هەیە کە مەترسی ڕاستەوخۆن بۆسەر کۆمەڵگە."
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەردەوام هۆشداری لە سزای توند بۆ بەکارهێنەران و بازرگانانی حەبی هۆشبەر دەدات جا لەژێر هەر ناوێکدا بێت، سزاکان لەسێدارەدان و زیندانی هەتا هەتاییشی تێدایە.