ئەردۆغان: کۆمەڵێک ئامانجمان لە سووریا هەیە و کاریان بۆ دەکەین

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا (وێنە: AA)
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا (وێنە: AA)

تورکیا هەژموونی تەواوی بەسەر حکوومەتی کاتیی سووریا هەیە و لەو نێوەندەش دا پەیوەندییەکی ستراتیجیی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست بووە.

لە قەیرانی 13 ساڵەی ڕابردووی سووریا تورکیا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێشهاتەکان و لەوانەیە زۆرترین کاریگەریی لەسەر قەیرانی ناوخۆیی سووریا هەبێت، بەڵام لە دوای ڕژێمی ئەسەدەوە تا ئێستا، بە براوەی هاوکێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە دەکرێت. 

ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت: "سوورییەکان بەجێ ناهێڵین و لەگەڵیان دەبین تا ئەو کاتەی دووبارە سیستەمی حوکمڕانی دەگەڕێتەوە سەر هێڵ، لەگەڵ ئەوەشدا بێگومان، ڕەچاوی بەرژەوەندیی تورکیاش لەبەرچاو دەگیرێت و تۆرکیاش کۆمەڵێک ئامانجی لەو وڵاتە هەیە و دەیەوێت، دراوسێیەکی سەقامگیری هەبێت." 

سەرەکیترین ستراتیجیی تورکیا لە سووریا بریتییە لە دابینکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی، هاوکات پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سووریا بەشێکی گرنگیی ستراتیجی ئەو وڵاتەیە لە سووریا. 

هەروەها بابەتی چەکداری و چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان و لە ناوبردنی هەسەدە، وەک یەکێک لە ستراتیجە گرنگەکانی تورکیا دەبینرێت.

تورکیا، هەوڵێکی ڕژدی بۆ ئەو مەبەستە هەیە و دەیەوێت چەکدار و گرووپە بیانییەکان لە سووریا نەمێنن و چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆ بکرێتەوە.  ئەو بەشەی کە بە ناوخۆی تورکیاوە هەیە پرسی پەنابەرانە و تورکیا دەیەوێت پەنابەرانی سووریا کە 13 ساڵە لەو وڵاتەن، بۆ ناوچەکانیان بنێرێتەوە،  لەڕووی ئابووریشەوە تورکیا دەیەوێت بۆ سوودی خۆی، لە بنیادنانەوەی ژێرخان و سەرخانی سووریا بەشدار بێت. 

تورکیا، هەژموونی تەواوی بەسەر حکوومەتی کاتیی سووریا هەیە بەشێوەیەک، رەجەب تەیب ئەردۆغان، دەڵێت: "شانازی بە ئەندامانی کابینەی حکوومەتی کاتیی دەکات، هەر ئەمەش وای کردووە تورکیا ئاسانتر بگات بە ئامانجەکانی لە سووریا."