بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: پلانێک بۆ بەجووتسایدکردنی ڕێگەی هامڵتۆن ئامادە دەکرێت
بریکاری وەزارەتی ئەوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند، کار بۆ ئامادەکردنی پلانی جووتسایدکردنی ڕێگەی هامڵتۆن و لادانی پردە کۆنەکان دەکرێت.
شەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2024، ئاگرین عەبدوڵلا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەریمی کوردستان، بە تەیفوور محەممەد پەیامنێری کوردستان 24ی گوت: "بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کار بۆ ئامادەکردنی پلانێک دەکەین بە مەبەستی جووتسایدکردنی ڕێگەی هامڵتۆن بە درێژایی 12 کیلۆمەتر."
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەت، وەردەکاری زیاتری خستە ڕوو و گوتی:" جووتسایدەکە بە کوالێتییەکی ئەندازیاری ئاستبەرز و چەند هێلێکی خێرا دروست دەکرێت کە درێژە دەدات بەجووتسایدەکەی خەلیفان، هەروەها هەموو پردە کۆنەکانی دۆڵی گەلیی عەلی بەگ لا دەبرێن."
ئاگرین عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا: "لە ماستەر پلانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەیە کە تونێلێک لە چیای کۆڕەک دروست بکرێت کە درێژییەکەی 7 کیلۆمەترە، بەڵام بەهۆی تێچووی زۆر و ئەو قەیرانە بەردەوام و سەختەی دووچاری هەرێم بووەتەوە، پلانەکەمان بۆ دروستکردنی جووتساید دواخستووە"