لە بەغدا ئەمساڵ زۆرترین پێشلێکاریی بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراوە
کۆمەڵەی ئازادیی ڕۆژنامەوانی عێراقی ڕایگەیاند، ئەمساڵ زۆرترین پێشلێکاریی بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان لە بەغدا تۆمار کراوە.
شەممە، 28-12-2024، کۆمەڵەی ئازادیی ڕۆژنامەوانی (PFAA) ڕاپۆرتی ساڵانەی لەبارەی پێشێلکاریی بەرانبەر ڕۆژنامەنووسانی عێراق بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە "ئەمساڵ پێشێلکاریی بێوێنە بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسە عێراقییەکان کراون."
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەکە، ئەمساڵ 457 دەستدرێژی دژی ڕۆژنامەنووسانی پارێزگا جیاکانی عێراق تۆمار کراون کە بریتی بوونە لە کوشتن، دەستگیرکردن، دەستبەسەرکردن، هەڕەشەکردن، داوای یاسایی و ڕێگریی ڕووماڵکردن.
کۆمەڵەی ئازادیی ڕۆژنامەوانی باسی لەوەش کردووە "ئەمساڵ بەغداد لە پێشەنگی لیستەکەدایە و زۆرترین پێشێلکاریی بەرانبەر ڕۆژنامەنووسانی تێدا تۆمار کراوە کە 105 حاڵەت بوون."