یونیسێف: سەدا 19ی منداڵانی جیهان لە ناوچەی شەڕدا دەژین

دوو منداڵی غەززە
دوو منداڵی غەززە

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی یونیسێف، سەدا 19ی منداڵانی جیهان لە ناوچەی شەڕدا دەژین و هەروەها نزیک 47 ملیۆن منداڵیش ئاوارە بوونە.

شەممە، 28-12-2024، ڕێکخراوی مناڵپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد "لە جیهاندا نزیکەی 473 ملیۆن منداڵ، لە ناوچەی شەڕدا دەژین کە دەکاتە یەک لەسەر شەش (سەدا 19)ـی منداڵانی جیهان."

کاسرین ڕەسێڵ، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە لەوبارەوە گوتی: "2024 بە یەکێک لە سەختترین ساڵەکان بۆ منداڵان لە جیهان دادەنرێت بەوپێیەی کاریگەریی خراپی بۆ سەر ڕۆشنبیریی نەوەی داهاتوو هەبووە. ژمارەیەکی زۆری منداڵان، لە ناوچەکانی شەڕ، وەکوو فەڵەستین، ئۆکرانیا و سوودان گەورە دەبن و جەنگ لە خوێندن بێبەشی کردوون."

بـــە گوێرەی ئامارەکانی ئەو ڕێکخراوە، ساڵی 2023 بە هۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی جیهان، 47 ملیۆن و 200 هەزار منداڵ ئاوارە بوونە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە سەرەتایی شەڕەوە تاوەکوو ئێستە، نزیکەی 17 هەزار و 492 منداڵ کوژراون.