بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت 150 ملیۆن دینار بۆ پێنجوێن تەرخانکرا

K24 - هەولێر

بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕی 150 ملیۆن دینار بۆ  دابینکردنی پێداویستی پزیشکی لە سنووری قەزای پێنجوێن تەرخانكرا.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی رایگەیاند "لەسەر بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 150 ملیۆن دینار تەرخانکرا بۆ دابینکردنی پێداویستی پزیشکی بۆ قەزای پێنجوێن بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19".

بەھۆی ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان لەو سنوورە، پێشتر یەكەی ئیداری و تەندروستی پێنجوێن داوایان لە وەزیری تەندروستی كردبوو، بۆ دابینكردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشكییەكان ھاوكارییان بكرێت.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە سنووری پێنجوێن جگە لە توشبوونی ژمارەیەک هاووڵاتی بە کۆرۆنا، لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا تووشبوونی دوو پزیشک و 14 کارمەندی تەندروستی قەزاکەش بە ڤایرۆسەکە راگەیەنرا.

هەمان رۆژ پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی پێنجوێن و ناحیەکانی دەوروبەری کۆبوونەوە و لەسەر پەڕەوکردنی سێ رێکار رێککەوتن.

 

هـ.ر.