دوو پزیشک و 14 کارمەندی تەندروستیی پێنجوێن تووشی کۆرۆنا بوون

هەموویان لە سلێمانی کەرەنتین کراون
kurdistan24.net

K24 - پێنجوێن

بەشێک لەو 51 تووشبووەی کۆرۆنا لە پێنجوێن تۆمارکراون، پزیشک و کارمەندی تەندروستی بوون، کە ئێستا هەموویان لە سلێمانی کەرەنتینەکراون.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە سنووری پێنجوێن تاوەکو ئێستا لەنێوان 400 بۆ 500 سامپڵی خوێن بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگیراوە، لەو ژمارەیەش 51 حاڵەتی پۆزەتیڤ هەبووە. بەڕێوەبەری تەندروستی پێنجوێن هۆشداری دەدات لەوەی لە ئەنجامی دووەمدا کە "هێشتا لە ئەنجامەکەی دڵنیانەبووینەتەوە، پێدەچێت 30 بۆ 35 حاڵەت هەبن". 

دکتۆر خالید، بەڕێوەبەری تەندروستیی پێنجوێن بە کوردستان 24ـی راگەیاند "دوو پزیشک و 14 کارمەندی تەندروستیی پێنجوێن هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، هەموویان لە سەنتەری چارەسەری کۆرۆنان لە سلێمانین و سامپڵی خوێن لە هەموو هاوڕێ و خێزان و کەسە نزیکەکانیان وەرگیراوە".

ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 4-6-2020) بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستی لە پێنجوێن، پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی پێنجوێن و ناحیەکانی دەوروبەری کۆبوونەوە.

دکتۆر خالید دەڵێ رێککەوتوون لەسەر سێ رێکار بەمشێوەیە:

 

1 - جوڵە لە پێنجوێن سنووردار بکرێت و خەڵک نەتوانێت بەئارەزووی خۆی هاتووچۆ بکات، بەتایبەتی لەنێوان پێنجوێن و سلێمانی یان شوێنەکانی دیکەی دەوروبەری.

2 - رێککەوتین لەسەر ئەوەی رێکاری زۆر تووند بگیرێتەبەر لە مەرزی باشماخ و سەیران بەن و هیچ مەترسییەکی سەرچاوەی کۆرۆنا نەهێڵین و بەتەواوی بنبڕی بکەین.

3 - کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بەتایبەتی ئەو سنوورانەی قاچاغ یان بازرگانیی نافەرمییان تێدا دەکرێت.

 

هـ.ر.