ئەحمەد شەرع: هێزە کوردییەکان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا
فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا ڕایگەیاند "هێزە کوردییەکان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی و کوردەکانیش بەشێکی دانەبڕاوەن لە پێکهاتەکانی سووریا."
یەکشەممە، 29-12-2024، ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند "هێزە کوردییەکان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا."
ئەحمەد شەرع لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد "گفتوگۆکانمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ چارەکردنی کێشەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن." گوتیشی: "کورد بەشێکی دانەبڕاون لە پێکهاتەکانی سووریا."
فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد "ئامادەکردن و نووسینی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا ڕەنگە نزیکەی سێ ساڵ بخایەنێت، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیش ڕەنگە پێویستی بە چوار ساڵ هەبێت."