جێگری پارێزگاری هەولێر: پێشی مانگی ڕەمەزان دووکانە سووتاوەکانی قەیسەری ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکرێتەوە
جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت: کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر بە خێڕایی بەڕێوەدەچێت، دەڵێت: دەمانەوێت بەر لە مانگی ڕەمەزان، دووکانەکان ڕادەستی خاوەنەکانیان بکەینەوە.
یەکشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەگەڵ سووتانی بازاڕی قەیسەری هەولێر کە کەسەرێکی گەورە بوو بۆ خەڵکی هەولێر، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووجار سەردانی بازاڕەکەی کرد بۆ نیشاندانی پشتیوانیی لە نۆژەنکردنەوەی خێرای بازاڕەکە.
جێگری پاریزگاری هەولێر دەڵێت: بازاڕی قەیسەری کۆن و نوێ هەردووکی لە ڕووداوێکدا سووتا، بازاڕە کۆنەکە ناتوانرێت هەموو کەرەستەیەکی بۆ بەکاربهێندرێت بەپێی ڕێنمایی یۆنسکۆ، بەڵام دەمانەوێت، بەشێوەیەکی جوانتر نۆژەنی بکەینەوە، گوتی: ئێمە نهۆمی یەکەم و دووەمیشمان نۆژەن کردەوە، نهۆمی دووەم زیاتر لە 110دووکان دەبێت، دەبێ وای لێ بکەین بەشێوەیەکی کللتووری وا جوان، ببێتە جێی سەرنجی سەردانیکارانی بازاڕەکە.
مەسعود کاڕەش ئاماژەی بەوە کرد ، دەبێت بەشێکی قەیسەری بەپێی ڕێنمایی یۆنسکۆ نۆژەن بکرێتەوە، هەرچەند دوکاندارەکان لە بێکاری دڵتەنگ بوون، هەندێ دیوار و شوێن هەیە دەبێ تەنها بەهێزی بکەین، ناتوانین دەستکاری بکەین.
دەڵێت: بەپێی ئەو پلانەی داندراوە، سەرەتای مانگی ڕەمەزان دوکانەکان هەمووی نۆژەندەکرێنەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکەینەوە، ڕەنگە زووتریش ڕادەستیان بکەین، هەندێک کاری ئاوەڕۆ و کارەبا لە نۆژەنکردنەوەکە ماوە، ئەوانیش تەواو دەکەین.