ڕاوێژکارێکی باڵای ئه‌ردۆغان: ئەم سەدەیە سەدەی تورک و کوردە

محەممەد ئوچوم: کورد بەشێکی دانەبڕاوەی تورکیان

ڕاوێژکارێکی باڵای سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند "تورکیا وڵاتی کوردانە و ئەم سەدەیە سەدەی تورک و کوردانە." 

محەممەد ئوچوم، ڕاوێژکاری باڵای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ئاماژەی بەوە کرد: "تەواوی پێکهاتەکانی وڵاتەکەمان بە تورک و کورد و ئەوانی دیکەشەوە، پێکهاتەی ڕەسەنی تورکیان."

محەممەد ئوچوم ڕاشیگەیاند "کورد بەشێکی دانەبڕاوەن لە تورکیا و دامەزرێنەری گەلی تورکیان، ئەم سەدەیە، سەدەی تورک و کوردانە."

 ئەو ڕاوێژکارەی ئەردۆغان باسی لەوەش کرد "تێزی دوو نەتەوەیی خزمەت بە ستراتیژیی ئیمپریالیستەکان دەکات و هەوڵێکە بۆ دابەشکردنی تورکیا."

 قسەکانی ئوچوم دوای ئەوە دێن، چەند ڕۆژی ڕابردوو، شاندێکی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ بووەوە و دواجار ئۆجەلان ئامادەیی خۆی بۆ قۆناغێکی نوێ دەربڕی.