ئەمەریکا 6 ملیار دۆلار وەک هاوکاری بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت

واشنتن ڕایدەگەیەنێت: بە 6 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی و ئابووری ئۆکراینا دەکات بەر لەوەی دۆناڵد ترەمپ ببێتە سەرۆک.
دووشەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایەدەگەیەنێت: لەو 6 ملیار دۆلارەی وەک هاوکاری بۆ ئۆکراینا دەینێرێت، 2 ملیار و نیوی بۆ بواری سەربازییە کە دەستبەجێ بەشێکی ڕەوانە دەکرێت، بەشەکەی دیکەش لە کاتی دیکەدا دەگوازرێتەوە ئەو وڵاتە، هەروەها 3 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاریش بۆ بوودجەی ئۆکراینا ڕاستەخۆ دەنێردرێت.
ئەم هاوکارییەی ئەمەریکا بۆ ئۆکراینا لەکاتێکدایە، ترس لەسەر داهاتووی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئۆکراینا هەیە پێش گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە 20 ی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو.
سەرۆکی ئۆکراینا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سوپاسی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پشتیوانییە و گوتی: "پشتیوانییەکە لە کاتێکی هەستیاردا بۆ ئۆکراینا دەنێردرێت کە ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەمان چڕتر کردووەتەوە."