2024 بۆ سەرۆک وەزیران ساڵێکی پڕ چالاکیی سیاسی و دیپلۆماسی بوو

لە 2024 سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی, چەندین دیداری دیپلۆماسی لەگەڵ سەرۆک، سەرۆک وەزیران و شای وڵاتان هەبوو، بە ئامانجی کرانەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان لە ڕووی، دیپلۆماسی، سیاسی و بازرگانییەوە بە ڕووی وڵاتاندا. 

2024 ساڵێکی بۆ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پڕ چالاکیی سیاسی و دیپلۆماسی بوو. بە درێژایی ئەمساڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی چەندان وڵاتی کرد و لەگەڵ سەرۆک، سەرۆک وەزیران و شای وڵاتان دیداری گرنگی کرد. ئەمە جگە لە پێشوازیی لە دەیان شاندی سەربازی و سیاسیی باڵا لە هەرێمی کوردستان.

 

گرنگترین چالاکییەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە ساڵی 2024دا:

- لە 10ـی کانوونی یەکەم، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەردانی شانشینی بەحرەینی کرد و لەگەڵ حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، میری بەحرەین کۆ بووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئابووری و بازرگانییەکانی هەرێم و بەحرەینیان کرد.

- لە 24ی تشرینی دووەم، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا کرد.

- لە 23ی تشرینی دووەم، سەرۆک وەزیرانی بەشداریی کۆڕبەندی مێپیسی کرد و لە دیدارێکی تایبەتدا تیشکی خستە سەر چەندان بابەتی هەنووکەیی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

- لە 13ی  هەمان مانگ، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پێشوازیی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێریان تاوتوێ کرد.

- لە لایەکی دیکەوە و لە 30ی تشرینی یەکەم، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بە گفتوگۆیەکی تایبەت دەربارەی دۆخی ناوچەکە، شداریی لە دیداری مێری کرد.

- لە 18ی هەمان مانگیش، واتە تشرینی یەکەم، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە محەمەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

- لە 12ی مانگی ئەیلوول، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پێشوازیی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کرد و تەوەری سەرەکی دیدارەکەیان بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان تاران و هەولێر بوو.

- هەروەها لە 14ی حوزەیرانی ئەمساڵ، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پێشوازیی لە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێکی باڵای ئەو وڵاتە کرد.

- لە 30ی ئایار سەرۆک وەزیران سەردانی بەغدای کرد، لەگەڵ چەندان بەرپرسانی باڵای عێراق کۆ بووەوە لەوانەش: محەممەد شییاع سوودانی، فائیق زێدان، موحسین مەندەلاوی، قاسم ئەعرەجی، هادی عامری و خەمیس خەنجەر.

- لە 26ی هەمان مانگ، سەرۆک وەزیران کونسوڵخانەی گشتیی قەتەری لە هەرێمی کوردستان کردەوە.

- لە 12ی ئایاری ئەمساڵیش، لە چوارچێوەی پێشوازیی لە سەرکردە و بەرپرسان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پێشوازیی لە لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق کرد.

- لە 23ی نیسانی ئەمساڵیش، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پێشوازیی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کرد.

- لە 26ی شووباتی ئەمساڵ، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، سەردانی ئەمەریکای کرد و لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، جەیک سولیڤان، ئامۆس هۆکشتاین و چەندین بەرپرسی گەورەی ئیدارەی بایدن کۆ بووەوە.