کەجەکە: ساڵی داهاتوو ئۆجەلان ئازاد دەکرێت
کەجەکە پابەندیی خۆی بە پەیامەکانی عەبدوڵلا ئۆجەلان دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ساڵی داهاتوو ئۆجەلان ئازاد دەکرێت.
سێشەممە، 31-12-2024، هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پەیامێکی بەبۆنەی ساڵی نوێ بڵاو کردەوە.
کەجەکە لەبارەی چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا و پەیامی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند "پەیامەکانی ئۆجەلان وەک مانیفێستۆ وایە بۆ ئێمە و لە ساڵی نوێدا دەبێتە ڕێنیشاندەرمان." باسی لەوەش کردووە، ساڵی داهاتوو ئۆجەلان ئازاد دەکرێت.
کەجەکە پێی وایە "دوای ئازادکردنی ئۆجەلان، پرسی کورد چارە دەکرێت، دیموکراسی و ئاشتی و ئارامیی هەرێمەکەمان تورکیا و سەرتاسەری جیهان دەگرێتەوە."
ئۆجەلان: ئامادەم پشتیوانیی لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بکەم
پێشنیوەڕۆی یەکشەممە، 29-12-2024، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە، 28-12-2024، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی، بڵاو کردەوە.
دەم پارتی ڕایگەیاندووە "تەندروستیی ئۆجەلان باشە و ورەی زۆر بەرزە." لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش ئاماژەی بەوە کردووە "هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا کرا و ئۆجەلان پێشنیازی چارەی ئەرێنی خستە ڕوو بەرامبەر بەو سیناریۆ تاریکانەی کە دەسەپێنرێن."
لەبارەی لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا بۆ چارەکردنی پرسی کورد، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ." ئاماژەی بەوەش کردووە "سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."