سەرۆک وەزیران سەری ساڵی نوێی زایینی لە هاووڵاتییانی کوردستان پیرۆز دەکات
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، هاتنی سەری ساڵی نوێی زایینی لە هاووڵاتییانی کوردستان پیرۆز دەکات و بە پێویستیشی دەزانێت ساڵی داهاتوو کێشەی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارە بکرێت.
سێشەممە، 31-12-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی 2025 بڵاو کردەوە و دەڵێت: "گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێم و گشت کوردستانییان دەکەم و هیوای شادی و خۆشگوزەرانی و ساڵێکی پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان دەخوازم."
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا باسی کێشەی مووچەیشی کردووە و ئاماژەی بەوە داوە: "سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە بە داخەوە بە هۆی کێشەدروستکردن و نەناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، مووچەخۆرانی هەرێم، ساڵێکی دارایی سەختی دیکەیان بەڕێ کرد."
سەرۆک وەزیران دووپاتی کردووەتەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە ئەم کێشەیە (کێشەی مووچە) لە ساڵی داهاتوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارە بکرێت."
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، مەسرور بارزانی باسی لەوە کردووە: "ئومێدەوارین، لە زووترین کاتدا، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەنجام بگات و لە سەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی حکوومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و سەرتاسەری دروست بکرێت، کە لە ئاست ئەرک و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوودا بێت و بێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات."
دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2025، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێم و گشت کوردستانییان دەکەم و هیوای شادی و خۆشگوزەرانی و ساڵێکی پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان دەخوازم.
سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە بە داخەوە، بە هۆی کێشەدروستکردن و نەناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، مووچەخۆرانی هەرێم، ساڵێکی دارایی سەختی دیکەیان بەڕێ کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت.
هەروەها ئومێدەوارین، لە زووترین کاتدا، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەنجام بگات و لە سەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و سەرتاسەری دروست بکرێت، کە لە ئاست ئەرک و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوودا بێت و بێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆز بێت و هیوادارم ساڵی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/12/31