"وهرگرتنی مووچه راستهوخۆ له بهغداوه پرۆسهیهكی نادهستوورییه"
چەندجارێك ئەو ھەوڵە دراوە
K24 - ھەولێر
دابەشكردنی مووچە راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، پرۆسەیەكی نادەستوورییە و شارەزایانی دەستوور رەتیدەكەنەوە ھیچ ھەوڵێكی لەم جۆرە سەربگرێت، چونكە ھەرێمی كوردستان ھەرێمێكە لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵدا. شارەزایانی بواری ئابووریش دەڵێن "ناردنی مووچە راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، بەردەوام مەترسی بڕینی لەسەرە، وەك ئەوەی لە ساڵی 2014 مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان بڕدرا.
لای ھەندێك كەس، باس باسی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانە بۆ سەر بەغدا، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دابەشبكرێت، بەشێك لە پەرلەمانتارە كوردەكانییش لە پەرلەمانی عێراق لە پشت ئەم ھەوڵەوەن، بەڵام پسپۆڕانی دەستووری ئەمە بە پێشێلكردنی دەستوور دەزانن و دەڵێن نایاساییە.
ئەم داوایە لە كاتێكدایە، كە حكومەتی عێراق ماوەی 3 مانگە لە دەرەوەی یاسای بوودجەی ساڵی 2019 مامەڵە دەكات و بە بڕیارێكی سیاسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانی راگرتووە. لە ساڵانی 2014ش تاكو 2019 مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانی نەدەنارد، بۆیە شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەدەن، دابەشكردنی مووچە راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، بەردەوام لەژێر مەترسی بڕیندایە و ھەر كات میزاجی نەیگرێ، مووچە دەیبڕێ.
ئەمە یەكەمجار نییە ھەوڵی لەم شێوەیە بدرێت، ساڵی 2018ش ھەمان ھەوڵ درایەوە، بەڵام ھەوڵەكە شكستی ھێنا و سەری نەگرت، بۆیە بەپێی دەستووری عێراق چاوەڕێ دەكرێت ئەم ھەوڵەی ئێستاش ھەمان چارەنووسی ھەبێت و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە سەرنەگرێ.