سلێمانی.. ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و دوو کەس مردن

لە شاری سلێمانی ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان سپارد و منداڵێکی دیکەش بریندار بوو.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، بە دالیا کەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "نزیکەی کاتژمێر 03:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-01-2025، لــــە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی چوارچرای نوێی شاری سلێمانی، ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە."
بە گوتەی سامان نادر "لە ئەنجامی ڕووداوەکە، دوو منداڵ گیانیان سپاردووە، منداڵێکی دیکەش سووتاوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی."
بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی باسی لەوەش کرد "ئەو دوو منداڵەی گیانیان سپاردووە تەمەنیان لەنێوان شەش بۆ 10 ساڵدایە و خێزانەکەش بە نەتەوە عەرەبن."