بەرگریی شارستانیی هەرێم: لە 24 کاتژمێری ڕابردوو 10 حاڵەت تۆمار کراوە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 10 حاڵەت تۆمار کراوە.

چوارشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرکەوت کارەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند "ئاماری 24 کاتژمێری ڕابردوو بەگوێرەی ئەو پلانەی دانرابوو وەک خۆی جێبەجێ کرا."

ئەو گوتەبێژە دەڵێت: "سێ خانوو و دوو ئۆتۆمبیل و دوو دووکان سووتاون، دوو منداڵیش بەهۆی دووکەڵەوە  مردوون و یەک کەسێکیش ڕزگار کراوە."

دەشڵێت: "لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕاپەڕین و ئاکرێ هیچ رووداوێک تۆمار نەکراوە."

هەروەها سەرکەوت کارەش گوتیشی: "سوپاسی سەرجەم هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین کە پابەندی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی بەرگریی شارستانی بوون، لە بەکارهێنانی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەکان، دەستخۆشی لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک کاریان لەسەر گەیاندنی پەیامە هۆشیارییەکانی بەرگری شارستانی بە هاووڵاتیان کرد."