دەرمانەکەی ترەمپ بۆ کۆرۆنا راگیرا و هیچ سوودێکی نەبوو
لە هەرێمی کوردستانیش باس لە دروستکردنی دەرمانەکە دەکرا
K24- هەولێر:
رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەموو تاقیکردنەوەیەکی لەسەر دەرمانی هایردرۆکسیکلۆرۆکوین کە دەرمانێکی دژە مەلاریایە راگرت و بە فەرمی رایگەیاند، هیچ سوودێکی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا نییە.
ئەو دەرمانە لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا پشتگیریی دەکرا و وەکو چارەسەری کۆرۆنا باسی دەکرد، بەڵام ئانا ماریا، پسپۆڕی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاقیکردنەوەی تاقیگەیی لەسەر ئەو دەرمانە کراوە و سوودی نییە.
دەشڵێت، داتاکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایانکردووە، دەرمانەکە مردن بەهۆی کۆرۆنا کەم ناکاتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستانیش، باس لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی ئەو دەرمانە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە لایەن کۆمپانیایەکی دەرمان دەکرا.
لە دواین هەوڵی دۆزینەوە دەرمانێک بۆ کۆرۆنا، زانکۆی ئۆکسفۆرد دەرمانێکی ستیرۆیدی تاقیکردووەتەوە و بە گوێرەی داتا سەرەتاییەکان، مردن بە رێژەی 30% کەم دەکاتەوە، ئەمەش هیوایەکی داوەتەوە رێکخراوی تەندروستی جیهانی.
France24