دەستکاریی بابەتەکانی خوێندن لە قوتابخانەکانی سووریا ناڕەزایەتیی لێ کەوتووەتەوە

پۆلێکی قوتابییانی قوتابخانەیەکی سووریا (ئەرشیف)
پۆلێکی قوتابییانی قوتابخانەیەکی سووریا (ئەرشیف)

ڕوانگەی سووری بە توندی دەستکاریی بابەتەکانی خوێندن لە قوتابخانەکانی سووریا ڕەت دەکاتەوە و بە پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکان ناوی دەبات.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئــــاماژەی بــــــەوە کردووە "گۆڕینی بابەتەکانی پۆلی یەک تاوەکوو سێی دوا ناوەندی لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی سووریاوە، دەستدرێژییە بۆ سەر مافی پێکهاتەکان."

ڕوانگەی سووری پێی وایە "ئەو دەستکاریکردنە دەبنە هۆی دروستبوونی جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکانی سووریا و داهاتووی وڵات ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە. بە تایبەت لەو دەستکاریکردنەدا دژایەتیی پێکهاتەکانی سووریادا بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت."

وەزارەتی پەروەردەی ئیدارەی نوێی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستکاریکردنی پرۆگرامی خوێندنی پۆلی یەکەمی سەرەتایییەوە تاوەکوو سێی ناوەندی ڕاگەیاند. 

ئەو گۆڕانکارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش مشتومڕێکی بەرفراوانی لێ کەوتەوە، بریتی بوون لە دانانی "زینۆبیا" بە کەسایەتییەکی خەیاڵی و سڕینەوەی مێژووی ئارامییەکان و کەنعانییەکان و سڕینەوەی مێژووی خوداوەندە دێرینەکان.

هەر لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەدا، بەشێکی زۆری مەنهەجی فەلسەفە سڕدراوەتەوە و گۆڕانکاری زۆر لە خوێندنی ئیسلامیدا کراوە. هەروەها وەزارەتەکە هەموو ئەو بابەتانەی لابردووە کە پەیوەندییان بە یادی "6ـی ئایار"ـەوە هەبووە.