دەستووری تورکیا گەورەترین بەربەستی بەردەم چارەکردنی پرسی کوردە

پرسی کورد لە تورکیا، ئێستە لە هەموو کاتێک زیاتر لە چارەسەر نزیک بووەتەوە. تەواوی ئەکتەرە سیاسییەکان هیوایان بە قۆناغە نوێکە هەیە و دەڵێن: هیوایەک دروست بووە و هەوڵ دەدەن چەکەکان بێدەنگ بکرێن. 

قۆناغێکی نوێ بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا دەستی پێ کردووە؛ تاوەکوو ئێستە پەیامی سەرجە، لایەنە سیاسییەکان ئەرێنین، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئەنجامی ئەم قۆناغە چی دەبێت؟ کورد بە مافەکانی دەگات یان نا؟

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی، عەبدوڵلا ئۆجەلان ڕایگەیاندبوو: "بەهێزکردنی برایەتیی تورک و کورد بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە و پێویستە پەلە بکرێت." باسی لەوەش کردبوو، ئامادەیە هەنگاوی ئەرێنی لە قۆناغی نوێ بگرێتەبەر و بانگەوازی چەکدانان بکات.

دەستووری تورکیا بە گەورەترین بەربەست بۆ گەیشتنی کورد بە مافەکانی دەبینرێت. بە تایبەت ماددەی سێیەم و چوارەم لەگەڵ ماددەی 66. لە ماددەی سێیەمی دەستووری تورکیادا هاتووە: زمانی فەرمیی تورکیا، تورکییە. هاوکات لە ڕێگەی ماددەی چوارەمیشەوە تایبەتمەندیی نەگۆڕی پێدراوە و ئاماژە بەوە دراوە: "ماددەکانی 1 و 2 و 3 ناگۆڕدرێن، تەنانەت داوای گۆڕینیشی ناکرێت." هاوکات لە ماددەی 66دا هاتووە: "هەموو ئەوانەی لە تورکیا لە دایک بوون و هاووڵاتیی تورکیان، بە ڕەچەڵەک تورکن." 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەردەوام ئاماژەی بەوە کردووە "دەستووری ئێستە بەرهەمی کودەتاچییەکانی ساڵی 1980ـیە، بۆیە دەمانەوێت دەستوورێکی نوێ بنووسینەوە."

ئەردۆغان، لە کۆتا پەیامی ساڵی 2024ـدا ڕایگەیاندبوو "لە قۆناغی ئاییندەدا، لەپێناو بەدیهێنانی دیدگەی تورکیای بێتیرۆر و ناوچەی بێتیرۆر، هەنگاوی ڕژد دەگرینەبەر. ڕێگەیەکی نوێ بۆ وڵاتەکەمان دەکەینەوە، هەموو ڕێکارێکی پێویستیش بۆ ئەو ڕێگە نوێیە و قۆناغە نوێیە دەگرینەبەر." 

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو "قۆناغێکی نوێ هەیە و سەردانەکەی دەم پارتی بۆ زیندانی ئیمرالی خێردارە." جەختیشی لەوە کردبووەوە "پێویستە قۆناغەکە لە قسەکردنەوە بچێتە قۆناغی هەنگاوی کردەیی."