وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچەی مانگی 11: تەواوکارییەکەی بنێردرێت هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت
"سوورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی 12"
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ گەیشتنی تەواوکاریی مووچەی مانگی 11، سەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە دەکرێت. دووپاتیشی کردووەتەوە: سوورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی 12.
پێنجشەممە، 02-01-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران، ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ، بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچە و چەند بابەتێکی دیکە بڵاو کردەوە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە: "سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی تری عێراق و بەدەرکردنی لەهەر کێشە و گرفتێکی تر؛ هاوکات بوونی تەرخانکراوی پێویست لە خشتەکانی یاسای بوودجە بەراورد بەو تەموویلەی وەزارەتی دارایی عێراق ناردوویەتی و ڕێکكەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی بۆ خەرجکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران تا کۆتایی ساڵی 2024 ، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستووریەکانی خەلکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت."
لەبارەی دابەشکردنی مووچەی هەردوو مانگی 11 و 12 وەزارەتی دارایی باسی لەوە کردووە: "بۆ مووچەی مانگی 11 بەپێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها ( ٦٣١،٣٣٥،٠٠٠،٠٠٠) شەشسەد و سی و یەك ملیار و سێ سەدو سی و پێنج ملیاری ناردووە. بۆ مووچەی مانگی 12ـش پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری لەسەر خەرجکردنی تەنها ( ٤٤١،٤٩٣،٠٠٠،٠٠٠ ) چوارسەد و چل و یەک ملیار و چوار سەدو نەوەدو سێ ملیۆن دینار داوە."
وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەر دراوە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 دەکرێت، وەک وەزارەتی دارایی و حکوومەتی هەرێم سوورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی 12 کە لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە دابینی بکات. "