هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بنکەیەکی سەربازیی نوێ لە کۆبانێ دادەمەزرێنێت
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە، 01-01-2025، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کاروانێکی لۆجستییان بردە کۆبانێ کە بریتی بوون لە قاڵبی کۆنکریتی ئامادەکراو، کامێرای چاودێری، ئامێری خەندەق هەڵکەندن و تانکەری سووتەمەنی.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە "هێزەکانی هاوپەیمانان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-01-2024، دەستیان بە دامەزراندنی بنکەکەیی سەربازیی نوێ لە کۆبانێ کردووە و دوای تەواوبوونی بنکەکە، هێزی سەربازی، چەک، زرێپۆش، ڕادار، چەکی دژە فڕۆکە و چەندان کەرستەی دەیکەی سەربازی دەهێننە شارەکە."
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سێ فڕۆکە کە سەرباز و چەک و کەرەستەی سەربازییان هەڵگرتبوو، لە بنکەی ئەمەریکی لە شارۆچکەی شادادی سەر بە حەسەکە نیشتنەوە.
لە مانگی ڕابردووەوە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەرباز و هێزەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاد دەکات، بە پێی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 233 ئۆتۆمبێل و باری 14 فڕۆکەی بارهەڵگر، کەرەستەی سەربازییان ڕادەستی هەسەدە کردووە کردووە.