زیلینسکی: ترەمپ دەتوانێت پوتین بوەستێنێت

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دەتوانێت دەرئەنجامی ئەو شەڕە یەکلایی بکاتەوە کە ماوەی 34 مانگە لەگەڵ ڕووسیا بەردەوامە، هاوکات هاوکار بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ئەو وڵاتە.
زیلینسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئۆکرانیا دوێنێ پێنجشەممە 2ـی کانوونی دووەمی 2025، گوتی: "ترامپ دەتوانێت یەکلاکەرەوە بێت، ئەوە بۆ ئێمە ئەمە گرنگترینە."
زیلینسکی باسی لەوە کرد، ترەمپی ئاگادارکردووەتەوە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک لەم مانگەدا، یەکێک دەبێت لە یەکەم سەردانیکەرانی واشنتن.
سەرۆکی ئۆکرانیا دەشڵێت: "ترەمپ دەتوانێت لەم شەڕەدا یەکلاکەرەوە بێت، و توانای ئەوەی هەیە پوتین بوەستێنێت، یان یارمەتیمان بدات بۆ وەستاندنی پوتین، ئەو توانای ئەوەی هەیە ئەو کارە بکات".
ڕوونیشی کردەوە ئەولەویەت سەقامگیرکردنی هێڵی پێشەوەیە لە سەرەتای ساڵی نوێدا، ئاماژەی بەوەش کرد، پوتین ترسی لە دانوستان هەیە، چونکە ڕەنگە شکستێک بۆ ڕووسیا پێکبهێنێت.
زیلینسکی باسی لەوەش کرد، گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە بۆ ئۆکرانیا بە واتای بەدەستهێنانی گەرەنتی ئەمنیی بەهێز لە هاوپەیمانەکانی و پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەورووپا و وەرگرتنی بانگهێشتنامە بۆ پەیوەستبوون بە ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، بیرۆکەیەک کە مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر گەرەنتییەکی ئەمنیی بەبێ ئەمەریکا، بێگومان دەبێتە گەرەنتییەکی لاواز بۆ ئۆکرانیا".