ڕۆژنامەنووسێکی دیاری تورکیا: دوای نەورۆز ئۆجەلان داوای چەکدانانی پەکەکە دەکات

عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)
عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)

ڕۆژنامەنووسێکی دیاری تورکیا ئاماژەی بەوە دا، شاندەکەی دەم پارتی دەچێتەوە ئیمرالی و دواتر سەردانی هەسەدە دەکەن؛ دوای نەورۆزیش ئۆجەلان داوای چەکدانانی پەکەکە دەکات. 

فیکرەت بیلا، ڕۆژنامەنووسی دیاری تورکیا لە گەورەترین تەلەڤزیۆنی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا ڕایگەیاند: "بەم نزیکانە شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) جارێکی دیکە سەردانی ئیمراڵی دەکەنەوە و دواتر دەچنە سووریا و لەگەڵ بەرپرسانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە( کۆ دەبنەوە."

 فیکرەت بیلا لە زاری پەرلەمانتاری ئاکپارتی غالب ئەنساریئۆغڵو ئەوەی خستە ڕوو، بانگەوازی چەکدانانی پەکەکە لە دوای نەورۆزی داهاتوو (ڕۆژی 21ـی ئاداری 2025) دەبێت. 

لە لایەکی دیکەوە حوسێن یایمان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی و سەرۆکی لیژنەی میدیای دیجیتاڵی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند "پێشبینی دەکەم مانگی داهاتوو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چەک دابنێت و کۆتایی بە چالاکییە چەکدارییەکانی بهێنێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممە، 02-01-2025، شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کۆبووەوە و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیانی لەگەڵ ئۆجەلان خستنەڕوو.

شاندەکەی دەم پارتی لە سووره‌یا ئۆنده‌ر، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی تورکیا؛ په‌روین بوڵدان، په‌رله‌مانتاری ده‌م پارتی له‌ په‌رله‌مانی توركیا و ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستان پێکهات بوون، کە پێشتر لە ڕۆژی شەممە،  28ی کانوونی یەکەمی 2024، هەر ئەم شاندە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێ کردنی پرۆسەیەکی دیکەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. 

لەو دیدارەدا، ئۆجەلان ڕایگەیاند "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."

هەروەها بڕیارە دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ جەهەپە و چەند پارتێکی دیکەی سیاسیی تورکیا کۆبنەوە و دواتر وردەکاری ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا بکەن.