توركێک وەک سەرۆکی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا

"هەوڵی بەرقەراکردنی ئاشتی دەدەم"

K24- هه‌ولێر:

ڤۆلکان بۆزکیر، سیاسەتمەداری تورک، وەک سەرۆکی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا.

ڤۆلکان لە دەنگدانێکی نهێنی توانی بە کۆکردنەوەی 178 دەنگ ببێتە سەرۆکی کۆمەڵەکە.

لە دوای بوونی بە سەرۆک، ئەو بەرپرسەی تورکیا لە تویتێکدا نووسی، سوپاس بۆ هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە منیان بە دەنگێکی زۆرینە هەڵبژارد و بوومە سەرۆکی 75هەمین کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

دەشڵێت، ئەمە لە کاتێکدایە، ئێمە یادی 75 ساڵیادی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەینەوە و من هەوڵی ئاشتی جیهانی لەم کاتە هەستیارە دەدەم.

ڤۆلکان بۆزکیر ئێستا ئەندام پەرلەمانی ئەکەپەیە و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیایە.

لای خۆشیەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، پیرۆزبایی پۆستە نوێکەی لێکرد.

کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، كۆمه‌ڵه‌یه‌كی سەرەکی، جیهانی و راوێژکاری نەتەوە یەکگرتووەکانه‌ كه‌ تیایدا هەر ئەندامێک خاوەنی یەک مافی دەنگدانە و یاساكانی لێوەدەردەچێت.

hurriyetdailynews