ساڵی ڕابردوو 26 كرێكار لە سلێمانی گیانیان سپاردووە
بە گوێرهی ئامارێکى سەندیکاى کرێکارانى کوردستان، لە ساڵى 2024، 26 کرێکار لە سلێمانی، لە کاتى کارکردن گیانیان سپاردووە.
ئەو کرێکارانەی ڕۆژانە لە پرۆژە گەورەکان یان هەر شوێنێکی دیکە کار دەکەن، پابەند کراون بە جێبەجێکردنی مەرجەکانى سەلامەتى لە شوێنى کاردا؛ چونکە مەترسى بۆ سەر ژیانیان کەم دەکاتەوە.
هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 سەردانی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی شاری سلێمانی کردووە کە ڕۆژانە ژمارەیەک کرێکار کاری تێدا دەکەن. ئەو کرێکارانە بەپێى گرێبەستێک لەگەڵ خاوەن کارەکەیاندا کار دەکەن، بۆیە دابینکردنى پێداویستییەکانى سەلامەتى لە شوێنى کاردا، دەکەوێتە ئەستۆى خاوەن کار.
محەممەد جەلال، ئەندازیار و بەڵێندەری ئەو پرۆژەیەیە، دەڵێت: "بەپێى ئەو مەرجانەى حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاى جێبەجێکار، بۆ ئێمەیان دیارى کردوون، مافى کرێکارەکانمان پارێزراوە."
بە گوێرەی ئامارى لقى سلێمانىی سەندیکاى کرێکارانى کوردستان، ساڵى 2024، 26 کرێکار لە شوێنى کارەکەیان لە سلێمانی، گیانیان سپاردووە. سەندیکاى کرێکاران و لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەتى سلێمانى و چوار لیژنەى بەڕێوەبەرایەتىی دەستەبەرى کۆمەڵایەتیى شارەکە چاودێرىی شوێنى کارکردنى کرێکاران دەکەن.
چالاک رەئوف، سەرۆکى لقى سلێمانى سەندیکاى کرێکارانی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: "گرنگ و پێویستە لە کاتى هەر ڕووداوێکى برینداربوون یاخود مردن، کرێکاران خۆیان یاخود کەسوکاریان، دەستبەجێ سکاڵا تۆمار بکەن."