وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشق: هیوا بۆ سووریایەکی خاوەن سەروەری دەخوازین
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هیواخوازە سووریای دوای ئەسەد "ئارام و سەقامگیر و خاوەن سەروەریی خۆی بێت."
ئەمڕۆ هەینی، 03-01-2025، جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ئانالینا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێک گەیشتنە دیمەشق و بڕیارە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا کۆ ببنەوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ شەرع، باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق بەسەر کردەوە و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، پاریس هیواخوازە سووریا بۆ هەموو هاووڵاتی و پێکهاتەکانی ئارام، سەقامگیر و خاوەن سەرەوەریی خۆی بێت.
ئەمە یەکەم سەردانی وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیایە بۆ دیمەشقی پایتەختی سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
بەرە بەیانی یەکشەممە،8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نیو دیمەشق و ڕژێمی سووریایان بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد ڕووخاند و کۆتاییان بە دەسەڵاتی دەیان ساڵەی ئەو بنەماڵەیەیان هێنا.