ساڵ بە ساڵ ڕێژەی توندوتیژی خێزانی لە عێراق بەرز دەبێتەوە
ئافرەتانی عێراق بەدەست توندوتیژی خێزانیيەوە دەناڵێن و ساڵ بە ساڵ ڕێژەكەی بەرز دەبێتەوە.
میدیاکانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە، ژمارەی توندتیژیی خێزانی لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە زیاتر لە 25 هەزار حاڵەت، لە كاتێكدا لە ساڵی 2023 زیاتر بوو لە 18 هەزار حاڵەت، لە 2022ـش زیاتر بوو لە 21 هەزار حاڵەت.
باس لەوەش کراوە، ئافرەتان بە ڕێژەی 75% لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، پیاوانیش بە رێژەی 17% لەلایەن هاوسەرەكانیان رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، چوار ساڵە حكوومەتی عێراق پرۆژەیاسای دژ بە توندتیژی خێزانی رەوانەی پەرلەمانی عێراق كردووە، بەڵام نەتوانراوە دەنگی لەسەر بدرێت.
زۆرینەی لایەنە سیاسییە دینییەكان ڕێگرن لە تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاساییە، چونكە بە لێدان لە بەهاكانی خێزانی عێراقی دەزانن.
چالاكوانانی عێراق ساڵی 2024 بەساڵی نەهامەتیان بۆ ئافرەتان لە عێراق دەزانن، چونکە وەکوو خۆیان دەڵێن: هیچ یاسایەك لە بەرژوەندیی ئافرەتان و خێزان بێت دەرنەچوو. هەوڵ بۆ هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی لە عێراق درا. چالاكوانان دەڵێن: هەموو ئەوانە عێراق بۆ رۆژە تاریكەكان دەگەڕێنتەوە.
یەكێك لە هۆیەکانی زیادبوونی توندتیژی خێزانی، بۆ بێكاری و بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر گەرێندراوەتەوە.
یاساناسان داوای دەركردنی یاسایەك بۆ پارێزگاریی لە قوربانییان دەكەن، لەپێناو پارێزگاریی و هێشتنەوەی خێزان.