عەباس عراقچی: بێ دواکەوتن ئامادەی دەست پێکردنەوەی دانوستانی ڕێککەوتنی ئەتۆمین
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ: هەرچەندە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێو قەیران دایە، بەڵام ئێمە ئامادەین بەبێ دواکەوتن بگەڕێنەوە دانوستانەکانی تایبەت بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، چونکە هەڵوێستی تاران نەگۆڕاوە و هەمان هەڵوێستی پێشووە بۆ ڕێککەوتن.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سی سی تی ڤی چین ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەبڕیوە بۆ دەست پێکردنەوەی دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی و دەڵێ: زیاتر لە دوو ساڵ لەگەڵ وڵاتانی 5+1 بە نیاز پاکییەوە دانوستانمان کرد و دواجار گەیشتینە ڕێککەوتن.
دەشڵێت: ئێران پابەندی ڕێککەوتنەکە بوو، بەڵام ئەمەریکا بەبێ بەڵگە و بێ لەبەرچاو گرتنی هیچ لێکەوتەیەک لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و دۆخەی بە ئێستا گەیاند.
عراقچی گوتیشی: ئامادەین بۆ ئەوەی بێ دواکەوتن، بگەڕێنەوە بۆ دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، بەڵام دانوستانێک، ئامانجەکەی ڕێککەوتن بێت، چونکە هەڵوێستی ئێران بۆ دانوستان نەگۆڕاوە و هەر هەمان هەڵوێستی پێشووە، ئەویش ڕێککەوتنە بەرانبەر بە هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکانی سەر ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ: لە ساڵی 2015ـەوە تاوەکوو ئێستا 10 ساڵ تێپەڕیوە، پێشهات و گۆڕانی زۆر ڕوویانداوە، هەربۆیە دەرچوونی تاکلایەنەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی هەڵەیەکی گەورە بۆ ئەو وڵاتە و ڕووبەڕووی کاردانەوەی ئێرانیش بوویەوە.
هەر لەو چاوپێکەوتنە عەباس عراقچی دەڵێت: هەرچەندە سزاکانی ئەمریکا قورستر و فراوانتر بوون، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش قەیران هەیە، بەڵام ڕێگەی دیپلۆماتی هەرگیز دانەخراوە، هەربۆیە لەو بڕوایەدام لە ئاڵۆزترین دۆخدا، دەکرێت بە هەوڵی دیپلۆماتی بگەینەی چارە، ئەمەش پەیوەستە بەوەی کە ئیرادەی سیاسی چەندە و چەند هەوڵ و دەست پێشخەری دیپلۆماتکاری دەبێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێی گەیشتن بە ڕێککەوتن. ئەگەر ئیرادەی سیاسی لە لایەنەکانی بەرانبەر هەبێت، دۆزینەوەی چارەسەر قورسە، بەڵام مەحاڵ نییە.