مەسرور بارزانی لەگەڵ جێفری پایت پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر گرنگی چارەکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان, کرد.

سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە "ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیمان لە جێفری پایت یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە پێگەیشت و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانمان تاوتوێ کرد."

ئاماژەشی داوە "هاوڕابووین لە سەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، چونکە وەستانی، زیانێکی زۆری لە بودجەی گشتیی عێراق داوە." 

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "جەختمان لە پێویستیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور و ڕۆڵی گرنگی هەرێم لە برەودان بە سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە و گەشەپێدانی ئابووری وسەقامگیریی ناوچەکە کردەوە".

هەر لە بارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ جێفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "دواخستنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری بە ئابووریی عێراق گەیاندووە."