تەنیا سەدا 12ـی کۆی داهاتی ساڵی ڕابردووی عێراق نانەوتی بووە
به گوێرهی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق، سەدا 88ـی داهات لە نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە و تەنیا سەدا 12 داهاتی نانەوتیی بووە.
ماوەی چەند ساڵێكە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێڕاق بانگەشەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکەن، بەڵام تاوەکوو ئێستە، هیچ کامیان نەیتوانیوە کۆی داهاتیی نانەوتیی وڵات بگەیەننە سەدا 15ـی کۆی داهاتی گشتی.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەی دارایی فیدراڵ، سەبارەت بە داهاتی عێراق لە ساڵی 2024ـدا، کۆی داهاتی نەوتی 110 ترلیۆن و 220 ملیار و 268 ملیۆن دینار بووە و سەدا 88ـی کۆی داهاتی گشتیی لەو ساڵەدا پێک هێناوە. لەبارەی داهاتی نانەوتیش، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، 14 ترلیۆن و 438 ملیار و 778 ملیۆن دینار داهاتی نانەوتی بووە کە دەکاتە تەنیا سەدا 12ی کۆی داهاتیی گشتیی وڵات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆی گشتیی خەرجییەکانی وەزارەتەکە لە 10 مانگی ڕابردوودا بە هەردوو خەرجیی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە 122 ترلیۆن و 720 ملیار دینار 167 ملیۆن دینار. 100 ترلیۆن و 637 ملیار و 260 ملیۆن دینار بەڕێژەی 85%ی لە بواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی 22 ترلیۆن و 82 ملیار دینار 901 ملیۆن دیناری بەڕێژەی (15%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. ئەمەش بە هۆیەک بۆ مانەوەی داهاتی نانەوتیی دادەنرێت، چونکە کەمترین بودجە بۆ وەبەرهێنان تەرخان کراوە.
کۆی خەرجی گشتیی تەرخانکراو بۆ وەبەرهێنان بەم شێوەیە بووە:
- کشتوکاڵ: 167 ملیار و 237 ملیۆن دینار.
- گواستنەوە و گەیاندن: 2 ترلیۆن و 414 ملیار دینار.
- پیشەسازی: 12 ترلیۆن و 720 ملیار دینار.
- پەروەردە و فێرکردن: بڕی 993 ملیار و 448 ملیۆن دینار.
- بیناسازی و خزمەتگوزاری و ڕێگاوبان: 4 ترلیۆن و 833 ملیار و 307 ملیۆن دینار.
بەم پێیەش بێت، جیاوازییەکی ڕوون و دژبەر لە ڕاپۆرتی وەزارەتیی دارایی فیدراڵی لەم ڕوەوە دەردەکەوێت، چونکە لە نۆ مانگدا خەرجی وەبەرهێنان سەدا 9 بووە، بەڵام لە 10 مانگدا ڕێژەکە دەگاتە زیاتر لە سەدا 15 و لە دوا ڕاپۆرتدا جیاوازییەکە بۆ 12 ترلیۆن و 517 ملیار بەرز بووەتەوە.