ئەپڵ بە سیخوڕیی بەسەر بەکارهێنەرانیدا تۆمەتبار دەکرێت

کۆمپانیای ئەپڵ ڕەزامەندیی  لەسەر پێدانی 95 ملیۆن دۆلار بۆ یەکلاییکردنەوەی داوایەکی یاسایی دەربڕی کە تێیدا تۆمەتبار کرابوو بە بەکارهێنانی 'سیری' بۆ سیخوڕیی بەسەر بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئامێرەکانی دیکە.

سێشەممەی ڕابردوو یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە، دراوەتە دادگای فیدراڵی ئۆکلاند لە ویلایەتی کالیفۆرنیا. ئەو سکاڵایە پێنج ساڵە دژی کۆمپانیاکە تۆمار کراوە و پەیوەندیی بەو تۆمەتانەوە هەیە کە ئەپڵ بە نهێنی 'سیری' چالاک کردووە بۆ تۆمارکردنی گفتوگۆکان لەسەر ئایفۆن و ئامێرەکانی دیکە.

بەگوێرەی سکاڵاکە، بەبێ ئەوەی بەکارهێنەران بەرنامەی  'هێی سیری' چالاک بکەن، بەرنامەکە کاری کردووە و چالاک بووە.

هەروەها لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەندێک لە گفتوگۆی تۆمارکراوی بەکارهێنەران بەشداری ڕێکلامەکانیان پێ کراوە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان بفرۆشن بەوانەی ئارەزووی ئەو جۆرە بەرهەمانە دەکەن.  

ئەم بابەتە سەبارەت بە 'سیری' پێچەوانەی پابەندبوونی کۆمپانیای ئەپڵە دەربارەی پاراستنی نهێنی کڕیارەکانی.

هەروەها پارێزەرانی ئەم دۆسیەیە پێشنیازیان کردووە دانیشتنێکی دادگا لە 14ـی شوبات لە ئۆکلاند بەڕێوە بچێت بۆ پێداچوونەوە بە مەرجەکاندا.

ئەگەر یەکلاییکردنەوەکە پەسەند کرا، ئەوا ئەو بەکارهێنەرانەی کە لە 17ـی ئەیلوولی 2014 تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو خاوەنی ئایفۆن و ئامێرەکانی دیکەی ئەپڵ بوون دەتوانن داواکاری قەرەبوو پێشکەش بکەن.

هەر بەکارهێنەرێک دەتوانێت تا 20 دۆلار وەربگرێت کە ڕێکەوتننامەکە دەیگرێتەوە، هەرچەندە ڕەنگە بڕە پارەکە کەم بکرێتەوە یان زیاد بکرێت، بە گوێرەی قەبارەی داواکارییەکانی قەرەبووکردنەوە لە ژێر ڕۆشنایی یەکلاییکردنەوەی یاساییدا.