لە زانکۆیەکی بەغدا شەڕ و تەقە ڕووی دا
یەکشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2025، بە گوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق، کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆ، کەسێک لە زانکۆی (الاسراء) لە بەغدا تەقەی کردووە و 6 کەسی بریندار کردووە.
سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن: "تەقەکەرەکە لە دایکبووی ساڵی 2005، کاسبکارە و دانیشتوی گەڕەکی ئەلعوبێدی بەغدایە و قوتابی نییە."
بە قسەی شایەتحاڵەکان، چوار پاسەوانی زانکۆکە گولـلە بەر سنگ و لاقیان کەوتووە و کچێکی قوتابیش بریندار بووە. هەروا بەرپرسیی ئەمنیی زانکۆکەش بریندار بووە."
پێشتر، وا ڕاگەیەنرا کە لە نێوان قوتابیانی زانکۆکەدا شەڕ و پێکدادان ڕووی داوە و لە ئەنجامدا چەند قوتابییەک بریندار بوونە.
سەرچاوە ئەمنییەکە هەروا ڕایگەیاند، تەقەکەرەکە و کەسێکی دیکەش دەستگیر کراون، بەڵام نازانرێت هۆی تەقەکردنەکەی چی بووە.