عەباس عراقچی: ئامادەین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئیسرائیل

 یەکشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، حزبوڵلا دوای کوژرانی سەرکردەکانی بەهێزتر بووە، دەشڵێت: وڵاتەکەی بەتەواوی ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە دا "یەکەمجار نییە حزبوڵلا سەرکردەکانی لەدەست بدات، هەروەها حزبوڵلا دوای کوژرانی عەباس مەوسەوی و حەسەن نەسروڵلا، بەهێزتر بووە. جەختیشی کردەوە کلیلی سەرکەوتن ئارامی و کۆڵنەدانە."

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند "دیپلۆماسی بەشێکە لەم قوتابخانەیە و بە هەماهەنگی لەگەڵ مەیدانی کاردا چالاکە. جەختیشی کردەوە، کارکردنی مەیدانی و دیپلۆماسی تەواوکەری یەکترن و جیابوونەوە لە نێوانیاندا نییە."

لەلایەکی دیکەوە عەباس عراقچی بە تۆڕی سی سی تی ڤی چینی گوت: "وڵاتەکەی بەتەواوی ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل." هەروەها هۆشداری دا لەوەی "هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی شەڕێکی بەرفراوان لە گشت ناوچەکەدا."

ڕاشیگەیاند "هیوادارم ئیسرائیل هەنگاوێکی شێتانە نەنێت." گوتیشی "وڵاتەکەی بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی چین."