ئەکرەم ئەلڕاشد: لە پارێزگای ئەنبار بەکارهێنانی حەبی کەپتاگۆن لە پلەی یەکەمدایە

ماددەی هۆشبەری جۆری کەپتاگۆن، لە پێشەنگی لیستی ئەو ماددانەیە کە لە پارێزگای ئەنبار زۆرترین بازرگانیان پێوە دەکرێت، لە دوای ئەویش کریستال دێت و لە کاتێکدا ڕێژەی بەکارهێنەران گەیشتووەتە 20%.
یەکشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەکرەم ئەلڕاشد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای ئەنبار، بە میدیای ناوخۆیی ڕاگەیاند "لە پارێزگای ئەنبار بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری جۆری کەپتاگۆن لە پلەی یەکەمدایە، دوای ئەویش کریستاڵ دێت، هەروەها حەشیش و هێرۆین، ماددەکانی دیکەش کەمتر بەکار دەهێنرێن.
ئەلڕاشد ئاماژەی بەوەش کرد "لەو پارێزگایە، پیاوان زیاتر لە ئافرەتان ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن." سەبارەت بە ئامارەکانیش، ئەلڕاشد ڕایگەیاند "ڕێژەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا نزیکەی 20%ـە."
ئەلڕاشد هەروا گوتی: "لە ئەنبار سەنتەرێکی تایبەتمەندی 450 قەرەوێڵەیی هەیە بۆ چاککردنەوەی ئالوودەبووان."
ئەلڕاشد گوتیشی: "بەڕێوەبەرایەتییەکە بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەم ماددانە دەبێتەوە، چونکە هەڕەشە لە کۆمەڵگە دەکات."
هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ساڵی ڕابردوو توانیان دەست بەسەر بڕێکی زۆر حەبی هۆشبەری کەپتاگۆندا بگرن کە بەهاکەی نزیکەی 144 ملیۆن دۆلار بووە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆ، ساڵی ڕابردوو نزیکەی 10 هەزار کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون، هاوکات زیاتر لە پێنج هەزار کەسیان دادگایی کراون.