شاندێکی ئەمەریکی و ئەنەکەسە لە قامشلۆ کۆ بوونەوە
شاندێکی ئەمەریکی و ئەنەکەسە لە قامشلۆ کۆ بوونەوە و بەشداریی کوردییان لە دانوستانەکانی دیمەشقدا تاوتوێ کرد.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-01-2025، لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، شاندێکی ئەمەریکی لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە کۆ بووەوە."
گوتەبێژی ئەنەکەسە باسی لەوەش کرد "لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئێستەی سووریا، گرنگیی یەکڕیزیی کورد لە قۆناغی ئێستەدا و بەشداریی کورد بە یەک شاند، لە دانوستانەکانی دیمەشقدا تاوتوێ کرا."
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمەریکا هەوڵ دەدات یەکڕیزیی لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا دروست بکات بۆ ئەوەی بە یەک شاند بەشداریی دانوستانەکانی دیمەشق بکەن و پارێزگاری لە ناوچە کوردییەکان بکەن.
پێشتریش، 31ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، لە شاری قامشلۆ، بە سەرپەرشتیی ئەمەریکا، کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەنەکەسە و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوە چوو.