چوار ساڵە چاپکردنی بەرهەمی نووسەران زیاتر بووە لە وەرگێڕان

ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 2700 ژمارەی سپاردن بە نووسەرانی هەرێمی کوردستان دراوە

لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 13 هەزار ژمارەی سپاردن بە نووسەران دراوە بۆ ئەوەی بەرهەمە دەستنووسەکانیان چاپ و بڵاو بکەنەوە.

بەگوێرەی تۆمار و  ئامارەکانی هۆبەی سپاردنی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان، پێدانی ژمارەی سپاردن بۆ چاپکردنی کتێب ساڵانە لەزیادبوونە و زۆرترین کتێبیش لە بوارەکانی ئەدەب و ئایینە.

ڕێدار سەدرەدین، لێپرسراوی هۆبەی سپاردن لە بەڕێوبەرایەتی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان، یەکشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: ساڵانە پێدانی ژمارەی سپاردن بە نووسەران بە مەبەستی چاپکردنی کتێب لە زیادبوونە، بەجۆرێک لە چوار ساڵی ڕابردوودا 13 هەزار و678 ژمارەی سپاردنی کتێب بە نووسەران دراوە، لە نێویاندا تەنیا ساڵی ڕابردوو (2024) دوو هەزار و 703 ژمارەی سپاردنییان پێدراوە.

ڕێدار سەدرەدین گوتیشی: زۆرترین کتێبە چاپ کراوەکان، لە بوارەکانی ئەدەب و ئایین و مێژوون.

هەر بە گوێرەی تۆمار و ئاماری هۆبەی سپاردن، ئێستا لە هەرێمی کوردستان چاپ کردنی بەرهەمی نووسەرانی کورد زیاتر بووە بەراورد بە بەرهەم و کتێبە وەرگێڕاوەکان، کە پێشتر بایەخێکی زۆری پێدەدرا.