پەروەردەی گشتیی هەولێر کارگەیەکی دارتاشی دادەمەزرێنێت
کارگەکە تایبەتە بە دروستکردنی کورسی و مێز بۆ قوتابخانەکان

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر، لە هەوڵی دامەزراندنی کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی مێز و کورسی قوتابخانەکانە، بۆ ئەوەی چیتر لە کارگەکان نەکرێت.
لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتیی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، دەستیان بە پرۆژەی دروستکردنی کارگەییەکی دارتاشی تایبەت بە دروستکردنی مێز و کورسی (رحلە) کردووە، کە ماوەی تەواوبوونی پرۆژەکە 180 ڕۆژە و ئەم ساڵ تەواو دەکرێت و دەست بە بەرهەمهێنانی خۆماڵی دەکات.
بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتیی هەولێر گوتیشی: %25ی پڕۆژەکە تەواوکراوە، کە چەندین بەشی جیاواز پێکهاتووە، بە تەواوکردنی بارگرانییەکی زۆر لەسەر حکوومەت کەم دەکاتەوە، پلانمان هەیە، لە داهاتوودا بۆ تەواوی وەزارەتی پەروەردە کورسی و مێزی خوێندنی قوتابیان دروست بکەین.
پرۆژەی دروستکردنی کارگەی دارتاشی پەروەردە کەوتۆتە ڕۆژئاوای شەقامی 100مەتری هەولێر لەلایەن کۆمپانیای (4Bridge) بە خێرخوازی لەسەر ڕووبەڕی 13 هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت.