حەماس: ئامادەین وەکو قۆناغی یەکەم 34 بارمتە ئازاد بکەین

حەماس و ئیسرائیل لە ڕێککەوتن نزیک دەبنەوە

غەززە
غەززە

بزووتنەوەی حەماس ڕایدەگەیەنێت: ئامادەن ژمارەیەک بارمتە لەوانەی ئیسرائیل وەکو لیست بۆیانی ناردووە،  ئازادیان بکات.

یەکشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2025،  فەرماندەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: بزووتنەوەکەی  ڕازی بووە بە ئازادکردنی 34 دیلی ئیسرائیلی وەکو قۆناغی یەکەم لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان، ئەو فەرماندەیە باڵایە ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس ڕازی بووە بەو لیستەی ئیسرائیل لەڕێگەی ناوبژیکاران بۆیانی ناردووە.

ئەو فەرماندە باڵایەی حەماس کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بێت دەڵێت: پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان وەکو قۆناغی یەکەم، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستە و ناوبژیکارانیشیان ئاگەدارکردووەتەوە کە بەوە ڕازین ئەو ژمارە دیلە ئازاد بکەن.

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی ئاشکرا بوون، زیاتر لە 10 هەزار و 300 فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل هەن، لە بەرانبەردا 100 بارمتە لە کەرتی غەززە لە دەستی چەکدارانی حەماس دان، بەڵام بە گوتەی بزووتنەوەی حەماس دەیان بارمتە بەهۆی هێرش و بۆمبارانەکانی ئیسرائیل کوژراون.

لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، دوای هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، شەڕێکی توند لە نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس ڕوویدا، بە گوێرەی ئامارەکان تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 154 هەزار فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژراو و برینداربوون، کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن، هەروەها زیاتر لە 11 هەزار کەسیش چارەنووسیان نادیارە و وێرانبوونی کەرتی غەززەش بە خراپترین کارەساتی مرۆیی لە ئاستی جیهان ناودەبرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment