بەفر و سەرما هەڕەشە لە 12 ویلایەتی ئەمەریکا دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2025، کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوای ئەمەریکا (NOAA) بڵاوی کردەوە، ئەو زریان و بەفرەی ڕووی لە ئەمەریکا کردووە بەهێزترین زریانە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا.
ڕاپۆرتەکە بەوەش کردووە "بۆ هەندێک لە ویلایەتەکان، وەک کانساس، میسوری، ئیلینۆی، ئیندیانا و کێنتاکیی، ئەم زریانە ڕەنگە بەهێزترین زریان دەبێت. بەفر و سەهۆڵ، ڕێگا سەرەکییەکانی بەشێک لە ویلایەتی کانساس و ئیندیانایان داپۆشیوە، هەروەها پاسەوانی نیشتمانی لە هەردوو ویلایەتەکەدا جێگیر کراون بۆ یارمەتیدانی ئەو شۆفێرانەی گیریان خواردووە."
دوێنێ یەکشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2025، دەسەڵاتدارانی واشنتن دی سی باری نائاسایییان ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو زریانەی پێشبینیی دەکرێت تا کۆتایی 7ـی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت.
ڕاپۆرتی ئیدارەی نیشتمان ئۆقیانووس و بەرگەهەوای ئەمەریکا. هەروا ڕایگەیاند زۆربەی دوکان و مۆڵەکانی واشنتن خواردنییان تێدا نەماوە، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەکاریی دانیشتووان بۆ ئەو زریانە چاوەڕوانکراوە.
زریانە بەهێزەکە هەڕەشە لە نزیکەی 62 ملیۆن کەس دەکات و 12 ویلایەت دەگرێتەوە.
هەواڵەکان وا دەگەیەنن زریانەکە، لە ڕادەبەدەر بەهێز و توندە، کاریگەریی زۆر نەرێنیی بەسەر دانیشتوانی ئەو ویلایەتانەوە دەبێت؛ چونکە، ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵات کەمتر زریانی زستانەی سەخت دەیانگرێتەوە. هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان، ڕەنگە ئەو زریانە ببێتە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە زۆریک لەو ویلایەتانەدا.