دەستەی پەخشی ئیسرائیل: 10 وڵات سکاڵایان لەسەر سەربازانی ئیسرائیل تۆمار کردووە
دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەلایەن 10 وڵاتەوە 50 سکاڵا لەسەر سەربازانی ئیسرائیل تۆمار کراوە.
ئێوارەی یەکشەممە، دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاند "لە لایەن 10 وڵاتەوە 50 سکاڵا لەسەر سەربازانی یەدەگی سوپای ئیسرائیل، تۆمارکراون، بەلام یەک سەربازیش دەستگیر نەکراوە."
دەستەکە ئاماژەی بەوەش دا "سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بەسەربازەکانی داوە، ڕەنگە لە دەرەوەی وڵات دەستگیر بکرێن. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە بەرازیل، هەوڵی دەستگیرکردنی سەربازێکی ئیسرائیل بە تۆمەتی تاوانی جەنگ لە دژی فەلەستینییەکان دراوە، بەڵام هەڵاتووە."
ڕۆژنامەی 'هارتز' بڵاوی کردوەتەوە، سوپای ئیسرائیل سەربازان و ئەفسەرانی یەدەگی ڕیزەکانی لە مەترسی دەستگیرکردنیان لە دەرەوەی وڵات ئاگادار کردووەتەوە.
پێنجشەممە، 21-11-2024، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بە تومەتی "تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە،" فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یواڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئەو وڵاتە دەرکرد.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کردووە "هۆی لۆژیکی هەن بۆ ئەوەی بڵێین ناتانیاهۆ و گالانت سەرپەرشتیی هێرشەکانی دژی خەڵکی مەدەنییان کردووە و برسییەتییان وەکوو چەک بەکار هێناوە."
دادگاکە پێی وایە "دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ و گالانت، لە بەرژەوەندیی قوربانییەکاندایە."
جگە لە نەتانیاهۆ و گالانت، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرکردەیەکی حەماسیش بە ناوی "محەممەد زێف" دەرکردووە.